×

بارسێلۆنا دەیەوێت لیۆنێل مێسی بگەڕێنێتەوە: «گەڕانەوەی ئەو زۆر پێویستە»

مارک سیریا، کاندیدی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا، جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی لیۆ مێسی یەکێک دەبێت لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەکەی ئەگەر دەسەڵات بگرێتە دەست. سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا لە وەرزی ٢٠٢٤/٢٠٢٥دا چەندین نازناوی گرنگی وەک (لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و سوپەری ئیسپانیا) بەدەستهێناوە، بەڵام یانەکە هێشتا لەناو قەیرانێکی دارایی قووڵدایە. جگە لەوەش، نۆژەنکردنەوەی یاریگای «کامپ نۆ» ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە و هێشتا وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە نییە، هەرچەندە بەشێکی کراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٦دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە بەڕێوەدەچێت و خوان لاپۆرتا هەوڵدەدات پێگەکەی بپارێزێت. بەڵام ڕکابەرە نوێیەکانی، وەک مارک سیریا کە سەرۆکایەتی لیستی «Moviment 42» دەکات، پێیان وایە کارگێڕیی ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. سیریا لە مەراسیمێکی گەورەدا ڕەخنەی توندی لە لاپۆرتا گرت و ئاماژەی بە دوورکەوتنەوەی مێسی لە یانەکە کرد. ئەو وتی: «دەمانەوێت شکۆ بۆ ئەندامانی یانەکە بگەڕێنینەوە و مێسیش لوتکەی ئەو شکۆیەیە. هەموو هەوڵێکم دەدەم بۆ ئەوەی مێسی بگەڕێتەوە، چونکە گەڕانەوەی ئەو بۆ ئێمە زۆر پێویستە.»

گرێبەستی مێسی لەگەڵ ئینتەر میامی جێی ئاماژەیە، لیۆنێل مێسی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨ نوێکردەوە. لەو کاتەدا تەمەنی مێسی دەگاتە ٤١ ساڵ و نیو، هەر بۆیە زۆر گرانە وەک یاریزان جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام سیریا و لایەنگرانی هیوایان بە گەڕانەوەی هەیە بە هەر شێوەیەک بێت.

ڕۆژنامەنووسی وەرزشی نێودەوڵەتی خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە ١٢ ساڵ لە بواری تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و میدیای چاپکراو.

Publicar comentario